پارتی دەم داوا دەکات تورکیا بازرگانییکردن لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغە بکات

خۆپیشاندانى هاوڵاتیانى ئیستانبوڵ بۆ پاڵپشتى فەڵەستین. فۆتۆ: AP

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) پرۆژەیاسایەک پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا دەکات، بەمەبەستی قەدەغەکردنی بازرگانییکردن لەگەڵ ئیسرائیل.

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری کۆجائەلی پارتی دەم، پرۆژەیاسایەکی ئامادەکردووە و تیایدا داوایکردووە، بەمەبەستی رێگرییکردن لە مامەڵەی ئیسرائیل لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانییکردن لەرووی سیاسییەوە لە غەززە، بازرگانییکردن لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا رابگیرێت.

گەرگەرلیئۆغڵو دەشڵێت، هێرشەکان بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکان بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی مایەی قبوڵکردن نیین و بە پێویستی زانیوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەشێوەیەکی کاریگەرتر مامەڵە لەگەڵ پێشێلکارییەکان بکات.

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەم جەختی لەوەشکردووەتەوە، راگرتنی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل خزمەت بە سەربەخۆیی غەززە دەکات و کاریگەریی دەبێت لەسەر دۆخی سیاسی لە کەرتەکە، هاوکات هانی ئەوە دەدات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ غەززە رەوانە بکەن.

بەهۆی رەخنەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ناچارببوو هەناردەکردنی 54 کاڵا و پێداویستی بۆ ئیسرائیل سنووردار بکات.