ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنەسەر ئێران دەکات و تارانیش دەڵێت وەڵاممان دەبێت

دیمەنى مووشەک و درۆنەکانى ئێران بەسەر ئاسمانى ئیسرائیلەوە. فۆتۆ: AFP

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "هیچ بژاردەیەکمان نییە جگەلە وەڵامدانەوەى ئێران نەبێت، دەشڵێت "هێرشەکەى ئێران وەڵامدەدرێتەوە، میدیای ئێرانیش لە زاری سوپای پاسدارانەوە رایگەیاندووە، "لە ئەگەرى هەر هێرشێکدا بەتوندى وەڵامى ئیسرائیل دەدەینەوە".

یواف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت، "قبوڵى ناکەین هەر کاتێک ئێمە هێرشبکەینەسەر ئامانجێک لە سووریا، ئێران هێرشبکاتەسەر خاکەکەمان".

گالانت لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "ئیسرائیل قبوڵى ناکات مووشەکى بالیستى ئاڕاستە بکرێت و وەڵامى نەبێت".

هاوکات میدیاى ئێرانى لە زارى سوپاى پاسدارانەوە بڵاویکردووەتەوە "پێشبینیدەکەین ئیسرائیل هێرشبکات، ئەوەشی ئاشکرا کردووە "سوپای پاسداران پلانی بۆ وەڵامدانەوەى هێرشى ئیسرائیل داناوە و لە ئامادەباشیدان".

میدیاى ئێرانى لە زارى سوپاى پاسدارانەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەگەرى هەر هێرشێکدا بەتوندى وەڵامى ئیسرائیل دەدەینەوە.

هەر لەمبارەیەوە دانیال هەگاری، گوتەبێژى سوپاى ئیسرائیل گوتی، "لە کات و شوێنى گونجاودا وەڵامى ئێران دەدەینەوە".

هاوکات میدیاى ئیسرائیل دەڵێت، "کاتى وەڵامدانەوەى هێرشەکەى ئێران بەنهێنى دەمێنێتەوە و روون و یەکلاکەرەوە دەبێت، ئەوەشیخستووەتەڕوو، بۆ وەڵامدانەوەى هێرشەکە هەماهەنگى لەگەڵ ئەمریکا پێویست نییە".

شەوى شەممە 13ـى نیسانى 2024، سوپاى پاسدارانى ئێران لەتۆڵەى هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەکەى لە دیمەشقى پایتەختى سووریا، بە ژمارەیەک مووشەک و درۆن هێرشیکردەسەر ئیسرائیل ، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى جیهانى بەدواى خۆیداهێنا.
پاش هێرشەکە، ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتی لەبارەى هێرشەکەوە کۆبوونەوە و بەشێک لە وڵاتانى جیهان ئیدانەى هێرشەکەیان کرد و بەشێکى دیکەیان بە مافى بەرگرییکردن لەخۆى لە قەڵەمیاندا.