جۆن کێربی: بڕیاری تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیل لای ئەمریکا نییە

کۆنفرانسى رۆژنامەوانى جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا. فۆتۆ: AP

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران پێشوەختە هیچ ئاگادارییەکی لەبارەی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل ئاراستەی ئەمریکا نەکردووە و بڕیاری تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیلیش لای تەلئەڤیڤە و ئەوان دەستوەردانی تێداناکەن.

جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو قسانەی باس لەوە دەکەن، گوایە ئێران ئەمریکای لە کات و شوێنی ئامانجی هێرشەکانی ئاگادارکردووەتەوە، راست نین و مایەی گاڵتەجاڕین.

جەختیشیکردەوە، ئێستا ئیسرائیل لە پێگەیەکی ستراتیجی زۆر بەهێزتردایە و بەراورد بە کاتی پێش هێرشەکانی ئێران، لەبەرئەوەی سەلمێنرا، ئەو موشەکانەی ئێران بەکاریهێنان کاریگەرییان کەمتر بوو لەوەی باسی دەکردن، بەپێچەوانەوە سیستمی بەرگریی ئیسرائیلیش بەهێزتر بوو، لەوەی هەندێک باسیان دەکرد.

ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو، کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەڵامی هێرشەکانی سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە سووریا، هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی لەڕێگەی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە سەر ئیسرائیل و ئەمڕۆش سوپای ئیسرائیل بڕیاریدا وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.