لە رۆژئاوای تورکیا دەیان کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران

دەستگیرکردنى ژمارەیەک کۆچبەر لە ئیزمیر. فۆتۆ: AA

لە کەناراوەکانی ئیزمیر 45 کۆچبەر و لە کەناراوەکانی بۆدروم 43 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، 45 کۆچبەری نایاسایی کە لەسەر بەلەمێکی چووپ بوون، لە کەناراوەکانی شارۆچکەی چەشمە لە ئیزمیری رۆژئاوای تورکیا، لەلایەن تیمەکانی فەرماندەییەکەوە دەستگیرکراون.

لە راگەیەندراوێکی دیکەشدا، فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کەناراوەکانی شارۆچکەی بۆدرومی موغڵا لە باشووری رۆژئاوای تورکیا، تیمەکانیان لەرێگەی سیستمی رادارەوە بەلەمێکی چووپیان دەستنیشانکردووە و دوای گەیشتنیان بۆ شوێنەکە 43 کۆچبەریان دەستگیرکردووە کە لەسەر بەلەمێک بوون، هاوکات گومانلێکراوێک دەستگیرکراوە کە لە هەوڵدابووە کۆچبەرەکان بۆ دەرەوەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیا بپەڕێنێتەوە.

سەرجەم کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان لە ئیزمیر و موغڵا، بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان رادەستی فەرمانگەی کۆچ لە پارێزگاکان کراون.