ئەمریکا هاوردەکردنی کانزای رووسی قەدەغە دەکات

تەلارى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی هەینی هاوردەکردنی ئەلەمنیۆم و مس و نیکلی دروستکراوی رووسی بۆ ناو وڵاتەکەی قەدەغە کرد.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەو سزایانەدایە کە لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا گیراوەتەبەر و ئامانجی کەمکردنەوەی هەناردەی مۆسکۆیە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی هەینی رایگەیاندووە، "ئەم رێوشوێنە نوێیە هاوردەکردنی ئەلەمنیۆم و مس و نیکلی رووسی بۆ ناو ئەمریکا قەدەغە دەکات و بەکارهێنانی ئەلەمنیۆم و مس و نیکلی دروستکراوی رووسی لە ئاڵوگۆڕی کانزا جیهانییەکان و لەناوخۆی وڵات سنووردار دەکات".

بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەم هەنگاوە بەو مانایەیە کە ئاڵوگۆڕی کانزاکان لە بۆرسەکانی لەندەن و بۆرسەی بازرگانیی چیکاگۆ قەدەغە دەکرێن لە وەرگرتنی هەر جۆرە ئەلەمنیۆم و مس و نیکلێکی نوێ کە لەلایەن رووسیا بەرهەمهێنراون.